بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا چەند کاتژمێرێک پێش وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس ڕایگەیاند تا ئێستا ئەو گرووپە لیستی ئەو بارمتانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، نەخستووەتەڕوو. هۆشداریشیدا لەوەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا مامەڵە ناکات تا ناوی ئەو بارمتەیان پێ نەگات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی وڵاتەکەی تەحەمولی پێشێلکاری ئاشکرای ئاگربەستەکە ناکات و تەنها حەماس بەرپرسیارە لەو کارە.
بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە، حەماس پێویست بوو ناوی ئەو بارمتانەی کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە ئازاد بکرێن، 24 کاتژمێر پێش ئازادکردنیان بخاتەڕوو.
هەروەها بەرپرسێکی حکومەتی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕایگەیاند "تا ئێستا حەماس ناوی ئەو بارمتانەی بڵاونەکردووەتەوە کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ئازاد بکرێن."
ئەو بەرپرسە داوای لە حکومەتەکانی میسر و قەتەر کرد حەماس ناچار بکەن پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست بێت.
چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سوپای ئیسرائیل ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ هەر سیناریۆیەک ڕاگەیاندووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە بەردەوام دەبێت تا ئاگربەستەکە کاتژمێر 8:30 بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەستپێدەکات.
ناتانیاهۆ: هەتا لیستی بارمتەکانمان دەستنەکەوێت کە ئازاد دەکرێن ئاگربەست جێبەجێ ناکەین
