Accessibility links

حەماس سێ ئیسرائیلی و پێنج بارمتەی تایلەندی لە بەرامبەر 110 فەلەستینی ئازاد دەکات


 ئاگام بێرگێر- یەکێک لە بارمتە ئیسرائیلییە ئازادکراوەکان کە لەلایەن دایک و باوکیەوە لە باوەش گیراوە
ئاگام بێرگێر- یەکێک لە بارمتە ئیسرائیلییە ئازادکراوەکان کە لەلایەن دایک و باوکیەوە لە باوەش گیراوە

لەگەڵ بەردەوامی ئاگربەست لە غەززە، گرووپی توندڕەوی حەماس ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی مانگی یەک، هەشت بارمتەیان ئازاد کرد کە سێ کەسیان ئیسرائیلی و پێنج کەسی دیکەیان تایلەندی بوون و بڕیاریشە ئیسرائیل لە بەرامبەردا 110 فەلەستینی ئازاد بکات. ژمارەیەک لەو فەلەستینیانە سزای زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئاگام بێرگێر تەمەن 20 ساڵ، سەربازێکی سوپای ئیسرائیل، ئاربێڵ یەهود تەمەن 29 ساڵ و گادی موزێسی تەمەن 80 ساڵ ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییەن کە ڕۆژی پێنجشەممە ئازادکراون.

ئیسرائیل هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە پێنج بارمتەی تایلەندیش ئازاد دەکرێن، بەڵام ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە. لە ئێستادا هەشت هاووڵاتی تایلەندی، یەکێکیان نیپاڵی و تانزانیایەک بە بارمتە لە غەززە ماونەتەوە. بەڵام ئیسرائیل دوو هاووڵاتی تایلەندی و بارمتەیەکی تانزانیای بە کوژراو ڕاگەیاندوە.

دەوترێت ڕەنگە هەموو بارمتەکانی ڕۆژی پێنجشەممە لە یەک کات و لە یەک شوێن ئازاد نەکرێن، بەو پێیەی "بەرگر" بەدەست حەماسەوەیە، لەکاتێکدا "یەهود" و "موزێس" لەلایەن گروپی جیهادی ئیسلامییەوە دەستبەسەرن.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە ئیسرائیل داوای لە حەماس کرد دۆخی شیری بیباس و دوو کوڕە منداڵەکەی بە ناوەکانی ئاریێل و کەفیر ڕوون بکاتەوە. سوپای ئیسرائیل پێشتر نیگەرانی جددی لە چارەنووسی "شیری" و منداڵەکانی دەربڕیبوو.

بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە، حەماس دەبوو سەرەتا ژنانی مەدەنی و منداڵە زیندووەکان ئازاد بکات، پاشان سەربازانی ژن و پیاوە بەساڵاچووەکان و نەخۆشەکان.

بارمتە ئازادکراوەکان بەشێک لەو 251 ئیسرائیلی و هاووڵاتی بیانییەن کە لە مانگی دەی ساڵی 2023 لە ئیسرائیل لە کاتی هێرشی حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکران لە ئیسرائیل ڕفێندرابوون. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی هەزار و 200 کەس و لە ئەنجامدا توندوتیژییەکی بەرفراوان دژی خەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG