Accessibility links

سەرۆک ترامپ داوای ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە، 5ی مانگی دوو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروث سۆشال' جەختی لەوە کردووەتەوە کە خوازیاری ئێرانێکی گەورە و ئاوەدانە و نووسیوێتی بەڵام چەکی ئەتۆمی نابێت بەشێک لە داهاتووی ئەو وڵاتە بێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامەکەدا نووسیویەتی "دەمەوێت ئێران وڵاتێکی گەورە و سەرکەوتوو بێت، بەڵام وڵاتێک کە نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت". هەروەها نووسیوێتی "ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل پلانی لەناوبردنی ئێران دادەنێت، زۆر زیادەڕەوییان تێدا کراوە".

ترامپ هەروەها پێشنیاری واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کردووە لەبری کردەوەی سەربازی. سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی "پێم باشە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی ئاشتیانە و پشتڕاستکراوە هەبێت کە ڕێگە بە ئێران بدات بە شێوەیەکی ئاشتیانە گەشە بکات و سەرفراز بێت."

هەروەها جەختی لە دەستپێکردنی دانوستانەکان کردەوە و پێشنیاری کرد دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ئاهەنگێکی گەورەی ناوچەیی ساز بکرێت. ترامپ هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "پێویستە دەستبەجێ کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین و کاتێک ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا، ئاهەنگێکی گەورەمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان هەبێت و خوای گەورە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت!"

پەیامە نوێیەکەی ترامپ ڕۆژێک دوای لێدوانەکانی لە میانەی دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئیمزاکردنی فەرمانێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی "زۆرترین گوشار" بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە دوای دانوستانەکانی ڕایگەیاند و وتی نایەوێت دۆخەکە لەگەڵ ئێران بە کارەسات کۆتایی پێبێت.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ئێران، ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە دڵخۆش نییە بە گەڕانەوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار" بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بەڵام هیوای خواست کە بتوانێت بگاتە "رێکەوتنێکی گەورە".

هوکات وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوارشەممە، 5ی مانگی دوو رایگەیاند ئەگەر کێشەی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە گەڵ ئێران پرسی چەکی ناوکی بێت، ئەو پرسە "ئاڵۆز نییە و دەتوانرێت چارەسەر بکرێت".

عەباس عەراقچی بە ئاماژەدان بە ئەندامێتی ئێران لە پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و هەروەها بە ئاماژەدان بە "فتوای" ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە حەرامبوونی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو جۆرە چەکانە، گوتی "ئێران بەدوای بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمیدایە."

ئەو هەروەها لە وەڵامی واژۆکردنی یاداشتنامەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی "زۆرترین گوشار" بەسەر تاران، ئیدیعای کرد کە سەپاندنی ئەو سزایانە "رێبازێکی شکستخواردوو"یە و دووبارەکردنەوەیان بە گوتەی ئەو، جگە لە "شکستی پێشوو" هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە.

محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش لێدوانی هاوشێوەی دا و پێوەندی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە "نیشانەیەکی دیکەی سروشتی ئاشتیخوازانە"ی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناوبرد.

هەروەها ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات درۆیەکی گەورەیە و وتیشی "ئەگەر کەسێک بەدوای دڵنیایی لە پرسێکی لەو شێوەیەدا بگەڕێت، ئەوا بە ئاسانی دەستدەکەوێت."

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران لە حاڵێکدایە کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕۆژێک پێش واژۆی یاداشتەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەکارهێنانی ئامرازی خێراتر و ریگای کورتتر، هەوڵی بەدەستهێنانی چەکێکی ئەتۆمی سەرەتایی و ناپێشکەوتوو دەدات.

لە کاتێکدا کە چەندین جار دەنگۆ لەسەر ئەگەری کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئێران و ئەمەریکا بڵاو بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمە ڕووی نەداوە. چاودێران گرینگترین هۆکاری ئەم کارە بە "دژایەتیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ وەها دانیشتنێک" دەزانن.

XS
SM
MD
LG