Accessibility links

لێدوانەکەی ترامپ لەسەر غەززە پرۆژەی نۆکەندێکی زەبەلاح دەهێنێتەوە بەرباس


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە جیهانی سەرسامکرد کاتێک ڕایگەیاند دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی کەرتی غەززە بکات و فەلەستینییەکان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی ئوردن و میسر.

لێدوانەکە مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی هێنانەوە بەرباسی پرۆژەیەکی ئابووری مەزن کە بە نێو ئیسرائیل و دەوروبەری کەرتی غەززەدا تێپەڕدەبێت و هەندێک لە چاودێران دەڵێن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بایەخی ئابووری نۆکەندی سوێس و پرۆژەی ئابووری چین ناسراو بە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا.

پرۆژەی نۆکەندی بێن گۆریەن ساڵی 1963 لەلایەن توێژەرێک ئامادەکراوە و پێشنیاری دامەزراندنی نۆکەندێک دەکات لە ئیسرائیل کە دەریای سوور بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.

بە گوێرەی پرۆژەکە بێت، نۆکەندێک لەسەر کەنداوی عەقەبە دروستبکرێت و لەوێوە بە درێژایی زیاتر لە 250 کیلۆمەتر بەنێو بیابانی نەقەب لە ئیسرائیل تێپەڕببێت بۆ باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە هەتا دەوروبەری غەززە درێژدەبێتەوە و دەگاتە دەریای ناوەڕاست.

یەکێک لە لەمپەرە سەرەکییەکانی بەردەم پرۆژەکە بریتییە لە بابەتی ئاسایش، بەهۆی بەردەوامی چالاکییەکانی چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە.

پرۆژەکە لە دوای قەیرانی نۆکەندی سوێس هاتە ئاراوە، دوای ئەوەی ساڵی 1956 سەرۆکی ئەو کاتەی میسر جەمال عەبدولناسر نۆکەندی سوێسی بەنیشتیمانی کرد.

حکومەتی ئەمەریکا پرۆژەکەی بۆ ماوەی نزیکەی 33 ساڵ بە نهێنی هێشتەوە، بەڵام ساڵی 1996 بڵاویکردەوە.

ماڵپەڕی هەواڵی عەرەبی جەدید کە بنکەکەی لە لەندەنە، دوێنێ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند حکومەتی میسر بۆ بەرپەرچدانەوەی پرۆژەکە بڕیاری داوە بە فراوانکردنی بەندەرێک لە کەناراوی شاری تابا لە باشوری سینا.

سەرۆکی میسر ڕەزامەندی داوە لەسەر فراوانکردنی بەندەرەکە لە 43 هەزار و 408 مەتر دووجا بۆ 220 هەزار و 500 مەتر دووجا.

وائیل قەدورە، یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری نۆکەندی سوێس بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە، "بە دروستکردنی نۆکەندی بێن گۆریەن، ئیسرائیل دەیەوێت جوڵەی نێودەوڵەتی دەریایی لە میسرەوە بۆ خۆی ڕابکێشێت."

بێپی پێزولی، ڕاوێژکارێکی کاروباری دەرەوە، لە ماڵپەڕی تایمی ئیسرائیل نوسیویەتی، "پرۆژەی نۆکەندی بێن گۆریەن ئێستا بەڵینێکی تر لەگەڵ خۆی دەهێنێت کە بریتییە لە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، ئەویش بە لکاندنی بێ کێشەی سعودیە لە ڕێگەی شاری نیۆم کە دەستەڵاتدارانی سعودیە دەیانەوێت لە ئایندەدا لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور بونیادی بنێن."

XS
SM
MD
LG