ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند لەوەتای لەشکرکێشیە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 تاکوئێستا 845 هەزار و 310 سەربازی ڕووسیا کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە،5ی مانگی دوو بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و 240 سەربازی ڕووسیا کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندیپێندنت، سوپای ڕووسیا لەوەتای لەشکرکێشەکەی بۆ ئۆکرانیا، جگە لە زیانی زۆری مرۆیی، زیانی سەربازیی بەرفراوانیشی بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بڵاوکراونەتەوە، سوپای ڕووسیا زیاتر لە نۆ هەزار و 900 تانک و 20 هەزار و 700 زرێپۆشی شەڕکەر و 22 هەزار و 750 سیستەمی تۆپخانە و هەزار و 270 موشەکهاوێژی فرەیی لەدەستداوە.
هەروەها 369 فڕۆکە و 331 هێلیکۆپتەر و 24 هەزار و 185 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیاتر لە 36 هەزار ئۆتۆمبێلی لۆجستی و تانکەری سووتەمەنی لەناوچوون یان بەسەرچوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سوپای ڕووسیاش لە دەریاکاندا زیانی بەرکەوتووە و 28 کەشتی و کەشتی جەنگی و ژێردەریایی لەدەستداوە.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاودەکرێنەوە کە شەڕ و پێکدادانێکی توند لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئۆکرانیا بەردەوامە و بەرخۆدانی هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا بووەتە هۆی ئەم زیانە قورسانەی ڕووسیا.
تا ئێستا ڕووسیا هیچ لێدوانێکی لەمبارەیەوە نەداوە.