ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد پلانێک بۆ ئاسانکاری بۆ رۆیشتنی خۆبەخشانەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە دابڕێژن. ئەم بڕیارەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای پلانە پێشنیارکراوەکە دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ وڵاتانی ئوردن و میسر.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، کاتز پلانەکەی ترامپی بە پلانێکی ئازایانە ناوبردووە و ڕایگەیاندووە دەکرێت ڕێگە بە بەشێکی زۆری دانیشتوانی غەززە بدات کۆچ بکەن بۆ ناوچە جیاجیاکانی جیهان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی "حەماس دانیشتووانی غەززەی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە و ژێرخانی تیرۆریستی خۆی لە نێو خەڵکی سڤیلدا بنیات ناوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە "حەماس ئێستاش خەڵکەکەی بە بارمتەگرتووە و یارمەتییە مرۆییەکانیان زەوت دەکات و ڕێگری دەکات لە چوونەدەرەوەیان لە غەززە."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانی بە سوپا کردووە بەرنامەیەک دابڕێژێت کە بەپێی ئەو بەرنامەیە هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت کۆچ بکات بۆ هەر وڵاتێک کە ئامادەیە وەریبگرێت.
کاتز بە تایبەتی ئاماژەی بە وڵاتانی وەک ئیسپانیا، ئێرلەندا، نەرویج و وڵاتانی دیکە کرد کە بە وتەی خۆی "تۆمەتی درۆیان" سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە غەززە خستووەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕەتیبکەنەوە فەلەستینییەکان قبوڵ بکەن، "دووڕوو بوونی ئەوان ئاشکرا دەبێت".
کاتز هەروەها باسی لە کەنەدا کرد و ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە "بەرنامەیەکی ڕێکخراوەی کۆچبەری" هەیە و پێشتریش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ وەرگرتنی دانیشتوانی غەززە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە "دەبێت دانیشتوانی غەززە ئازادی دەرچوون و کۆچکردنیان هەبێت، هەروەک چۆن لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا هەیە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "پلانەکەی ترامپ دەتوانێت کاریگەر بێت لە ئاوەدانکردنەوەی غەززەیەکی لەچەک داماڵراو کە لە سەردەمی دوای حەماسدا مەترسی دروست ناکات، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە ساڵانێکی زۆری دەوێت."
سەرۆک دانۆڵد ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بوونی فەلەستینییەکان لە غەززە چەندین جار سەلماندوویەتی کە شەڕەکە بەردەوام دەبێت. ترامپ وتی ئەو دەیەوێت خەڵکی ئەوێ بچنە وڵاتانی دیکە و لە ناوچە و خانووی جوان و خۆشدا بژین.
هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی پێویستە "لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی" پلانە "سەرنجڕاکێشەکەی" دانۆڵد ترامپ بۆ غەززە لە دوای جەنگەوە بکات.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فاکس نیوز، نەتانیاهۆ پشتگیری لە پلانی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و بە "بیرۆکەیەکی نایاب" ناودێری کرد.
سوپای ئیسرائیل پلان بۆ "ڕۆیشتنی خۆبەخشانە"ی فەلەستینییەکان لە غەززە ئامادە دەکات
