پاکستان و تورکیا لە میانی خولی حەوتهەمی ئەنجوومەنی هاریکاری ستراتیجیی ئاستی باڵای هەردوو وڵات لە ئیسلام ئاباد ، ڕۆژی پێنجشەممە بەڵێنیان دا لە بواری بەرگری، کانگا، وزە و چەندین کەرتی دیکەشدا، هاوکاری زیاتر بکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بە هاوبەشی سەرۆکایەتی کۆڕبەندی وتووێژی دوو قۆڵی لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف کرد.
دوای وتووێژە داخراوەکانی لەسەر ئاستی شاندەکان ڕۆژی پێنجشەممە، هەردوولا 24 بەڵگەنامەی واژۆکراویان ئاڵوگۆڕ کرد، لەوانە بەیاننامەیەکی هاوبەش و چەند ڕێککەوتنێک و چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن.
ئەردۆغان لە لێدوانێکدا کە دوای گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەخشکرا، گوتی " ئێمە ڕێککەوتووین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان بە شێوەیەکی فراوانتر".
دەقی ڕاگەیاندنە هاوبەشەکەیان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام لە بەیاننامەیەکی کورتی وەزارەتی دەرەوەی پاکستاندا هاتووە بەیاننامە هاوبەشەکە "نەخشەڕێگایەک دیاری دەکات بۆ زیاتر قووڵکردنەوە و هەمەچەشنکردن و بەدامەزراوەییکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان پاکستان و تورکیا".
شەهباز شەریف سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پاکستان ئاسیف عەلی زەرداری شەوی چوارشەممە لە بنکەیەکی ئاسمانی سەربازی لە نزیک پایتەخت پێشوازیییەکی گەرمیان لە سەرۆکی تورکی کرد.
پێشوازییەکە بە شێوەیەک بوو هەر لە تەقاندنەی 21 گولە وە بگرە تا نمایشی فڕۆکەی جەنگی و نمایشی سەماکارەکان لەسەر ڕێگای کاروانەکەیان و هەروەها گۆرانیی پیاهەڵدانی ئەردۆغان کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان نمایش دەکرا. ئیسلام ئاباد پێشوازییەکی بێوێنەی لە ئەردۆغان کرد کە دوای پێنج ساڵ گەڕایەوە بۆ سەردانێکی کورت کە شەوی پێنجشەممە کۆتاییهات.
هاوکاری فراوان
هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر هاوکاریکردن لە شەڕی ئەلیکترۆنی هێزی ئاسمانی و هاوکاریکردن لە بواری بەرهەمهێنانی بەرگریدا، لەگەڵ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن، یان یاداشتنامەیەک کە لە نێوان نوێنەرانی پیشەسازییەکانی بەرگری تورکیا و وەزارەتی بەرهەمهێنانی بەرگری پاکستان واژۆکراوە و یاداشتنامەیەکی دیکەی نێوان پیشەسازییە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا و دامەزراوەی توێژینەوە و پەرەپێدانی دەریایی پاکستان واژۆکراوە.
لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پاکستان و تورکیا هاوکاری بەرهەمهێنانی بەرگرییان زیاتر کردووە. ئەو هاوکارییە بریتییە لە بەرهەمهێنانی هاوبەشی چوار کەشتی جەنگی کۆرڤێتی MILGEM بۆ گەیاندن بە پاکستان، یارمەتیدانی وڵاتی باشووری ئاسیا بۆ نۆژەنگکردنەوەی فڕۆکە جەنگییە کۆنەکان و هاوبەشکردن و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای بەرگری.
هەروەها پاکستان و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە بازرگانییەکەی ئێستایان و بەڵێنێکی ڕابردوویان دووپاتکردەوە کە قەبارەی ساڵانەی بازرگانی دوولایەنە لە نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 5 ملیار دۆلار زیادبکرێت. لە مانگی سێی 2023دا هەردوو وڵات ڕێککەوتنی بازرگانی ئیمتیازیان واژۆکرد، کە باجی پاکستانی لەسەر 130 جۆی بەرهەم کەمکردەوە، لەکاتێکدا تورکیا باجی لەسەر 271 جۆری بەرهەمەکان کەمکردەوە.
شەریف ڕایگەیاند کە کۆمپانیا تورکییەکان ناوچەیەکی ئابووری تایبەت لە پاکستان بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی دروست دەکەن، سەرەڕای ململانێی پاکستان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان کە وەک بەشێک لە ڕێڕەوی ئابووری چین و پاکستان دامەزراون.
هەردوو لایەن لەسەر پرۆتۆکۆڵێک ڕێککەوتن بۆ هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنی هاوکاریی ئێستایان لە بواری هایدرۆکاربۆنەکاندا و یاداشتنامەیەکیان واژۆکرد بۆ یارمەتیدانی گواستنەوەی وزەی پاکستان. ئەم وڵاتەی باشووری ئاسیا ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی گرانبەهای بیانی و گواستنەوەیە بۆ وزەی سەوزی گونجاو و زۆر.
پاکستان لەگەڵ تورکیا گەیشتە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە هاوکارییەکانی کانگاکان هەروەها، کەرتێک کە ئیسلام ئاباد بە پەرۆشە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی سەرنجی بخەنە سەر.
لە ئەنجوومەنی هاوکاری دوولایەنەدا، شەش لیژنە گرنگی بە کەرتە جیاوازەکانی وەک بازرگانی، وەبەرهێنان، بانکی، ڕۆشنبیری، گەشتیاری، وزە، بەرگری، کشتوکاڵ، گواستنەوە، پەیوەندی، ئایتی، تەندروستی، زانست، تەکنەلۆژیا، و پەروەردە دەدەن. هەردوولا لە نزیکەی هەموو بوارەکاندا ڕێککەوتنیان واژۆ کرد.
شەریف لە لێدوانە کورتەکەیدا دوای دانوستانەکان بەڵێنی دا بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا بەرەنگاری تیرۆرسم ببنەوە. پاشان سەرۆکی پاکستان ئەفغانستانی وەک سەرچاوەی توندوتیژییەکان دیاری کرد.
شەریف گوتی "ئەفغانستان وڵاتێکی دراوسێیە و پێشبینی دەکەین ئەفغانستان هاوکاری بکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بڵاوبوونەوەی تیرۆر و لەوەشدا کە ئێمە پێکەوەین."
هەرچەندە ئەردۆغان لە لێدوانەکانیدا پشتگیری خۆی بۆ شەڕی پاکستان دژی تیرۆر دەربڕی، بەڵام ناوی ئەفغانستانی نەبرد.
فەرمانڕەواکانی تاڵیبانی ئەفغانستان تۆمەتەکانی پاکستان بۆ داڵدەدانی چەکدارانی دژە پاکستان لەسەر خاکەکەیان ڕەتدەکەنەوە.
گرنگی کاتی ڕێککەوتنەکان
ئەو دوو هاوپەیمانە لە کاتێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گفتوگۆی ئاست بەرزی خۆیان ئەنجامدا.
ئەردۆغان وتی " ئێمە نەک تەنها پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان بەڵکوو پەرەسەندنەکانی ناوچەیی و جیهانیشمان بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کردووە."
ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا پێگەی ئەنقەرەی لە ناوچەکە بەهێزتر کردووە، بەڵام تورکیای خستۆتە کێبڕکێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل کە سەربازەکانی پێشڕەوییان کردووە بۆ ناو خاکی سوریا.
عومەر کەریم، لێکۆڵەر لە زانکۆی بیرمینگهام بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "تورکیا تێدەگات کە زیادکردنی پەیوەندی بەرگری و ستراتیجی لەگەڵ وڵاتانی وەک پاکستان کە هێزێکی تری بەرگریی دامەزراو و قەبارەی مامناوەندە، هێندەی تر بۆ بەرژەوەندی تورکیا زیاترە."
کەریم وتی " هاوبەشکردنی تەکنەلۆژیاکانی بەرهەمهێنانی بەرگری دوولایەنە و فێربوون لایەنێکی سەرەکییە."
شەڕی ناوخۆ لە سوریا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر چەکداری لە پاکستان و ئەفغانستان داناوە. چەکدارانی ئەو وڵاتانە پەیوەندییان بە میلیشیاکانی سوریاوە کرد. بەڵام داعش-ک (دەولەتی ئیسلامی- خوراسان) کە لقێکی ناوچەیی ڕێکخراوی دوڵەتی ئیسلامی (داعش)ە، توندوتیژییەکی زۆری لە هەردوو وڵاتدا ئەنجام داوە.
لە کاتێکدا ئێستا گرووپی چەکداری هەیئەت تەحریر ئەلشام یان HTS، کە لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکراوە، ئێستا سوریای کۆنترۆڵکردووە، چاودێرانی ئاسایشی دەڵێن ئانکەرە و ئیسلام ئاباد پێویستیان بە یارمەتی یەکتر هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان.
ئیفتخار فیردۆس، سەرنووسەری ڕۆژنامەی خۆراسان دەیلی کە چاودێری چالاکییە چەکدارەکان دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە کاتێکدا میلیشیا شیعەکان و بزوتنەوەکانی چەندین ئەکتەری نادەوڵەتی ملیشا سوننەکان دەچنە ناو سوریاشەوە، ئێستاش کە ململانێکان کەم بووەتەوە، گەڕانەوەی کۆتاییان و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە بڕێکی زۆر ڕۆڵ دەگێڕێت."
شاندێکی سەرکردەی کۆمپانیاکانی تورکیا لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ پاکستان بەشداریان کرد. شەریف و ئەردۆغان هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆڕبەندی بازرگانی پاکستان-تورکیا لە ئیسلام ئاباد وتاریان پێشکەش کرد.
خورەم شێهزاد، ڕاوێژکاری وەزیری دارایی پاکستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، تورکیا دەتوانێت بۆ دوو ڕێگە لە پاکستاندا بگەڕێت "یەکێکیان وەک ڕێڕەوێکی وەبەرهێنانە؛ دووەمیان ئەوەیە کە پاکستان دەتوانێت ببێتە ناوەندی هەناردەکردنی بەرهەمی تورکیا بۆ ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن."
شێهزاد دانی بەوەدانا کە سەرەڕای پەیوەندی قووڵی ستراتیجی، پاکستان و تورکیا نەیانتوانیوە پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری پەرەپێبدەن.
دانیشتنی پێشووی ئەنجومەنی هاریکاری ستراتژیکی ئاستی باڵای پاکستان و تورکیا لە مانگی دووی ساڵی 2025 لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو.
ڕاپۆرتی سارا زەمان- دەنگی ئەمەریکا