ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی دوو ڕۆبێرت ئێف کێنێدی جونیۆری وەک وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان لە بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە.
ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە لە ژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندایە، نزیکەی هەموو ئەندامەکانی ئەو پارتە لە ئەنجومەنەکەدا، دەنگی ئەرینیان بە کێنێدی داوە و کاندیدبوونەکەیان لەلایەن سەرۆک ترمپەوە پشتڕاستکردوەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی ڕۆیتەرز بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆبیرت کێنێدی 52 دەنگی بەڵێی بەدەستهێناوە، نووسیویەتی کە دەنگەکانی دژی کێنێدی لەگەڵ دەنگی نەرێنی سیناتۆری کۆماری میچ مەککانێل لە ویلایەتی کێنتیک، 48 دەنگ بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کێنێدی دەنگی زۆرینەی سیناتۆرەکانی بەدەستهێناوە دوای ئەوەی بەڵێنی دابوو کە بەرنامەکانی کوتانی ئێستا بپارێزێت و بەم شێوەیەش توانیوێتی دەنگی ئەو ئەندامانەی دوودڵیان هەبووە، بەدەستبهێنێت.
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیکردنی سەلامەتی دەرمان، ڤاکسین، خۆراک، توێژینەوەی پزیشکی و هەروەها بەرنامەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی وەک مێدیکەر و مێدیکەید.
دانۆڵد ترامپ لە کاتی ڕاگەیاندنی کاندیدکردنی ڕۆبێرت کێنێدی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی "تروپ سوشال وتی "ماوەیەکی زۆرە ئەمەریکاییەکان فشاریان لەسەر بووە لەلایەن پیشەسازییەکانی خۆراک و دەرمانسازییەوە کە فێڵ و زانیاری هەڵەیان لە بواری تەندروستی گشتیدا بەکارهێناوە".
ڕۆبێرت کێنێدی کە پێشتر دیموکرات بووە و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم خولەشدا وەک کاندیدی سەربەخۆ بەشداری کردبوو، دوای ئەوەی لەگەڵ دانۆڵد ترامپ ڕێککەوتبوو کە ڕۆڵی لە سیاسەتی تەندروستی ئیدارەکەیدا بگێڕێت لە بەرامبەر پشتگیریکردنیدا، وازی لە کێبڕکێکە هێنا.
ڕۆبێرت کێنێدی بە دەنگی ئەنجومەنی سینات بوو بە وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان
