سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی 28ی مانگی دوو دوای دیدار لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند زێلێنسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی.
لە بەیاننامەکەدا ترامپ دیدارەکەی لەگەڵ زێڵێنسکی بە "زۆر مانادار" ناودێر کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە زۆر شت فێربووە کە بەبێ دیالۆگ و گفتوگۆ لەژێر فشارێکی لەو شێوەیەدا هەرگیز فێرنەدەبوو.
بە گوتەی سەرۆکی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی، چونکە هەست دەکات دەستێوەردانی ئەمەریکا "سودێکی گەورەی" بۆ ئەمەریکا لە دانوستانەکاندا هەیە.
دانۆڵد ترامپ ڕوونیکردەوە "من سوودم ناوێت، ئاشتیم دەوێت".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی "بێڕێزی" بە ئەمەریکا کردووە و "هەرکاتێک ئامادەبوو بۆ ئاشتی دەتوانێت بگەڕێتەوە".
هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانیان داوە پێش ئەوەی ئەم بەیاننامەیە بڵاوبکەنەوە و گفتوگۆکانیان لە کۆشکی سپی دەستپێبکەن.
دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاندووە ڕێککەوتنێکی "زۆر دادپەروەرانە"یان لەسەر کانزاکانی ئۆکرانیا ئەنجامداوە و ڕێککەوتنەکەش "بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە" لەلایەن ئەمەریکاوە.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا وڵاتەکەی ئەو کانزا دەگمەنانە کە لە ئۆکرانیا دەدۆزرێتەوە، دەردێنێت و لە بوارەکانی وەک زیرەکی دەستکرد و کاروباری سەربازیدا بەکاریان دەهێنن.
سەرۆکی ئەمەریکا وێڕای دەربڕینی هیوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، جەختی لەسەر پێویستی سازان لە هەردوولا کردەوە.
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا چەکی بۆ ئۆکرانیا دەبێت، بەڵام "هیوادارم پێویست نەکات بڕێکی زۆر بنێرین".
سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند کە ناوبژیوانێکی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیایە و دەیەوێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت.
وتیشی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا قسەی کردووە و پوتن دەیەوێت بگەنە ڕێککەوتن.
بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ پوتندا نییە بەڵکو لەگەڵ باشەیە بۆ ئەمەریکا و جیهان.
لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی هیوای خواست کە ڕێککەوتنەکە ببێتە "هەنگاوێک بۆ پێشەوە" بۆ ئۆکرانیا.
زێڵێنسکی ئاماژەی بەوەدا کە پوتن شەڕی دەستپێکردووە و بۆیە دەبێت تێچووی شەڕەکە بدات.
سەرۆکی ئۆکرانیا پوتنی بە "بکوژ" ناوبرد و داوای لە دانۆڵدترامپ کرد سازش لەگەڵیدا نەکات.
دیدار و گفتوگۆی ترامپ لەگەڵ زێڵێنسکی تەنها ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لەگەڵ کێیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆشکی سپی ڕوویدا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی دوێنێدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەنگاوی داهاتووی شەڕی ئۆکرانیا هەنگاونان بەرەو ئاگربەستە، هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بەو ئاگربەستە "بەخێرایی" بەرەوپێش دەچن.