Accessibility links

مەزڵوم عەبدی بە توندی سەرکۆنەی تەقینەوەکانی مەنبج دەکات


فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە توندی سەرکۆنەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆ مەنبجی کرد و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی کرد.

مەزڵۆم عەبدی لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی،"بە توندی ئەو تەقینەوانە سەرکۆنە دەکەین کە شاری مەنبجیان کردووەتە ئامانج. هاوسۆزی خۆمان بۆ خەڵکەکەی دەردەبڕین. ئەم جۆرە کردەوە تاوانکارییانە هەڕەشە بۆ سەر پێکهاتەی نیشتمانی دروست دەکات، وە دەبێت ئەنجامدەرانی سزابدرێن. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."

پێشتر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکۆنەی ئەو تەقینەوەیان کرد کە بەیانی ڕۆژی دووشەممە لە مەنبج ڕوویدا و بەپێی سەرچاوەکان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 15 کەس و برینداربوونی 15 کەسی دیکە.

هەسەدە لە بەیاننامەکەیدا تەقینەوەکەی بە کارێکی تێرۆرستی ناودێرکرد و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گروپە چەکدارە سوریاییەکانی سەر بە تورکیای تۆمەتبار کرد. پاشان پێشنیاری پێشکەشکردنی یارمەتی بە حکومەتی دیمەشقی کرد لە لێکۆڵینەوەکاندا بەو پێـیەی وەک خۆیان دەڵێن ئەزمونێکی زۆریان هەیە لە ئاشکراکردنی تاوانبارانی ئەم جۆرە تاوانانە.

بەرگری شارستانی سوریا لای خۆیەوە لە پێگەکەی لە ئێکس، وێنە و ڤیدیۆی شوێنی ڕووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵیدا ڕایگەیاند تەقینەوەکە لە نزیک دەروازەیەکی شاری مەنبج بووە و لەو کاتەدا ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکە تەقیوەتەوە کە ئۆتۆمبیلێک لە نزیکیەوە ڕۆیشتبوو و کرێکاری کێڵگە کشتوکاڵییەکانی هەڵگرتبوو. دەڵێت کوژراوەکان بریتین لە 14 ژن و یەک پیاو و 15 ژنی دیکە برینداربوون. بەڵام کارمەندێکی تەندروستی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی وتووە ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە 19 کەس کە 18 کەسیان ژنن.

ڕامی عەبدولڕحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممە لە مەنبج ڕوویداوە، بە تەواوی کارێکی تێرۆرستییە. دەشڵێت زانیاری هەبووە ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوە لە دوێنێ شەوەوە لەو شوێنەدا ڕاگیرابوو و نەپشکێنراوە. باسی لەوەش کرد تورکیا لە هێرشەکە سوودمەند دەبێت، بەوەی هەسەدە بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەکات.

لەوەتای ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، نائارامییەکی زۆر ئەو ناوچەیەی باکوری سوریای گرتووەتەوە و خەڵکێکی زۆری سیڤیل لە نێوەدا بوونەتە قوربانی.

XS
SM
MD
LG