سەرۆک ترامپ پێشوازی لە مارک فۆگڵ کرد ئەو مامۆستا ئەمەریکاییەی لەلایەن ڕووسیاوە ئازادکرا

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە مامۆستای ئەمەریکایی مارک فۆگڵ کرد، دوای ئەوەی لە لایەن مۆسکۆوە ئازاد کرا، کە لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 لە ڕووسیا دەستگیرکرابوو.

فۆگڵ لە تەنیشت سەرۆکی ئەمەریکا گوتی "هەست دەکەم ئێستا دڵخۆشترین پیاوی سەر زەویم." و ستایشی سەرۆک و دیپلۆماتکاران و یاسادانەرانی ئەمەریکایی کرد کە کاریان بۆ ئازادکردنی کردووە.

سەرۆک ترامپ سوپاسی ئەو کارەی ڕووسیای کرد کە ڕێگەی بە فۆگڵ دا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکاریی رێککەوتنێکە لەگەڵ ڕووسیا ئاشکرا بکات، جگە لەوەی بە "زۆر دادپەروەرانە" و زۆر گونجاو ناوی برد.

وتەبێژی کریملن دمیتری پێسکۆڤ ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند، ئەمەریکا هاووڵاتییەکی ڕووسیایی لە بەندیخانەیەکی ئەمەریکا ئازاد دەکات وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە و ناسنامەکەی دوای گەڕانەوەی بۆ ڕووسیا ئاشکرا دەکرێت.

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ڕۆژی چوارشەممە ئازادکردنی بارمتەیەکی دیکە ڕادەگەیەنرێت.

مایک وڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترامپ، پێشتر ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا و ڕووسیا "دانوستانیان لەسەر ئاڵوگۆڕێک" کردووە بۆ ئازادکردنی فۆگل، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو.

وڵتز تیشکی خستە سەر ڕێکەوتنی ئازادکردنی فۆگڵ لە ڕوانگەیەکی جیۆپۆلەتیکی فراوانترەوە و گوتی "ئەمە نیشاندانێکی نیازپاکی ڕووسەکانە و ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ئێمە بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکرانیا".

ترامپ پێش ئەوەی دەستبەکار بێت بەڵێنی دابوو کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام یاریدەدەرەکانی دەڵێن هیوادارە لە ماوەی 100 ڕۆژی یەکەمی بەڕێوبەرایەتیەکەیدا و هەتا کۆتایی مانگی چوار ئەو کارە ئەنجام بدات.