ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا خانم تولسی گابباردی بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای نیشتمانی بۆ زانیاری DNI پەسەندکرد.
ڕۆژی چوارشەممە لە دەنگدانێکدا بە دەنگی 52 سیناتۆر لە بەرامبەر دەنگی 46 سیناتۆر، تولسی گاببارد بۆ ئەم پۆستە گرنگەی ئەمەریکا پەسەندکرا کە سەرپەرشتی و هەماهەنگی کارەکانی نێوان 18 دەزگای وڵاتەکە دەکات.
تولسی گاببارد لە ساڵی 2013 هەتا ساڵی 2021 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بوو و نوێنەرایەتی ناوچەی دووی ویلایەتی هاوایی کردووە. لە 2003 وە سەربازی کردووە و گەیشتووەتە پلەی ئەفسەری پێنج ئەستێرە و لە شەڕی عێراقدا بەشداری کردووە و چەندین مەدالیای سەربازی وەرگرتووە.
بەو پـێیەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، لە مێژەوە زانیاری وردی لەسەر شەڕەکانی دژە تێرۆر هەیە، بە تایبەتی شەڕی دژی داعش و گروپەکانی سەر بە قاعیدە لە عێراق و سوریا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ساڵی 2019 کاتێک تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەری کانی، تولسی گاببارد لەسەر پێگەکەی لە ئێکس ڕەخنەی توندی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گرت و وتی، "سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان هەڵیکوتاوەتە ناو سوریا و کوردەکانی سوریا دەکوژێت و تێرۆرستەکانی داعش و قاعیدە وەک میلیشیای خۆی بەکاردەهێنت..."