مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوە ناسەقامگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بریکارەکانی، دەچێتە ئیسرائیل، عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕوبیۆ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە، بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە بەرەوپێشبردنی هاوکارییەکان، سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرەوپێش دەبات.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئامانجەکانی تری سەفەری سێ ڕۆژەی ڕوبیۆ کە لە ڕۆژی شەممە 15ی مانگی دوو دەستپێدەکات، ئازادکردنی بارمتەکانی حەماسە و هەنگاونان بەرەو سەرەتای قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی داوە کە ئیسرائیل نابێت ڕێگە بە حەماس بدات لە ئاگربەست بۆ زیندووکردنەوەی هێزەکانی کەڵک وەربگرێت.
ڕوبیۆ وتی یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە حەماس بەردەوامە لە بەکارهێنانی تۆڕەکانی قاچاخ بۆ هاوردەکردنی چەک و وەرگرتنی ئەو هاوکاریانەی کە پێویستیانە بۆ هەستانەوەیان.
پێش دەستپێکردنی ئەم گەشتە سێ ڕۆژەیە، مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی دوو بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەچێتە ئەڵمانیا. لە کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان باس لە کۆمەڵێک ئەولەویەتەکانی ئەمەریکا دەکات.
ڕوبیۆ هەروەها بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت لە میونشن دەکات.