ڕوبیۆ: حەماس دەبێت دەستبەجێ ئەو 59 بارمتەیەی ماونەتەوە، بگەڕێنێتەوە

مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە ئاماژەدان بە ڕادەستکردنی تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن گرووپی تیرۆریستی حەماسەوە، ڕایگەیاند حەماس دەبێت دەستبەجێ هەر 59 بارمتەکان بگەڕێنێتەوە، لەوانە ئەو چوار ئەمەریکاییەی کە ماونەتەوە.

ڕوبیۆ وتی "ئەوانەی لە غەززە بە بارمتە گیراون، ڕووبەڕووی ترسناکییەکی بێپێشینەوە و سەیر بوونەتەوە. "

وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەرپرسێکی ئاسایشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند حەماس تەرمی چوار بارمتە کوژراوەکەی ڕادەستی خاچی سوور کردووە.

بەرپرسێکی ئاسایشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە خاچی سوورەوە دەستی کەوتووە ڕایگەیاند، تابوتەکانی چوار بارمتە کوژراوەکە لە دەروازەی کەرەم شالۆن ڕادەستی هێزەکانی ئیسرائیل کراون.

پێدەچێت ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری بۆ تەرمەکان لە نزیک سنوور ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا گرووپی تیرۆریستی حەماس بارمتەکانی وەک خۆیان گەڕاندووەتەوە وەک ئەوەی پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە یان نا.

ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە گرووپی تیرۆریستی حەماس هەفتەی ڕابردوو تەرمی ژنێکی خەڵکی غەززەیان لە جیاتی شێری بیباس ڕادەستی ئیسرائیل کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گواستنەوەکە لە ئەنجامی هەڵەیەک بووە و ڕۆژی دواتر تەرمی دایکە کوژراوەکە ڕەوانەی ئیسرائیل کرد.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئیسرائیل ئازادکردنی نزیکەی 620 زیندانیی ئەمنیی فەلەستینی دواخست و بە هۆی دواکەوتنی ڕادەستکردنی تەرمی شێری بیباسی بارمتەی ئیسرائیلی و هەروەها نمایشێک کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستی حەماس لەگەڵ بارمتە ئازادکراوەکان بەڕێوەچوو.

لە میانەی هێرشی تیرۆریستیی حەماس لە ساڵی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار و 200 کەسی مەدەنی کە زۆربەیان خەڵکی ئیسرائیلی بوون کوژران و زیاتر لە 250 کەسی دیکە کە بەساڵاچوو و ژن و منداڵیشیان تێدایە، بە بارمتە گیران.

دوابەدوای ئەم هێرشە تیرۆریستییە، ئیسرائیل بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتە ڕفێنراوەکان، لەشکرکێشی بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد.